الاثنين، 19 أكتوبر 2015

خەلقـی زەوی لە نێوان قـوڕئان و زانسـتـدا
========================

نووسەر : کارزان  زانست خواز



زەوی ئەو هەسارەیەیە کە دەکەوێتە ڕێزبەندی هەسارەی سێیەم لە دووری خۆرەوە ، هەروەها بە هەسارە شینەکە ناسراوە بەهۆی ئەوەی نزیکەی 75% ڕووبەرەکەی بە ئاو داپۆشراوە ، وە بە هەسارەی زیندووش ناوی دەهێنن چونکە تاکو ئێستا تاکە هەسارەیە لە گەردووندا زیندەوەری لەسەر بێت و بۆ ژیان بشێت ، بەڵام ڕەنگە هەسارەی تری زیندووش هەبێت هاوشێوەی زەوی کە هێشتا نەدۆزرابێتەوە .
وە قەبارەکەی دەگاتە نزیکەی 611314477055 km^3  و تیرەکەشی یەکسانە بە 12756 km . بە پێی بیردۆزی بیگ بانگ زەوی پیش نزیکەی 4.6 بلیۆن سال دروست بوو لە تۆز و غوباری گەردوونی واتە ( الغبار أو الدخان الکوني ) کە ئەم غوبار و تۆزە لەگەڵ سەرەتای پەیدابوونی گەردوون [ Big Bang ] بەرهەمهاتووە و بەهەمان شێوە ئەستێرەکانیش لەم تۆز و غوبارە گەردوونیە بەرهەم دێن ، وە زەویش گۆڕا بۆ کۆمەڵێك لە (میتیۆر) لە بەردی گڕگرتووی بڵێسەداری بەیەکەوەنووساو ، وە پڕی بوو لە بورکانی یەکجار گەورە و بەهێز ، دواتر بە تێپەڕبوونی کات پلەی گەرمیەکەی کەمێك دابەزی وە لەگەڵ ئەو دووکەڵەی لە بورکانەکان دەردەپەڕی هەڵمی ئاویشی لەگەڵ بوو ، کاتێك زیاتر پلەی گەرمی زەوی دابەزی هەڵمە ئاوەکە بوو بە هەور و بەرز بوویەوە بۆ کەشی ئاسمان و دواتر چڕ بوویەوە و بۆ هەزاران ساڵ باران باری بەبەردەوامی و جۆگەلە و رووبارەکان درووست بوون و ئاوێکی زۆر چوو بە ژێر خاکی زەویدا . وە لەدوای ئەمە میتیۆرێکی بچووکتر لە زەوی لە دەرەوەی کۆمەلەی خۆرەوە بە خێراییەکی یەکجار یەکجار زۆر بە ئاراستەی زەوی هات و خۆی کێشا بە زەویدا کە لەئەنجامدا بوە هۆی تەقاندنی بەرگە بەردینەکەی زەوی و چاڵێکی یەکجار مەزنی دروست کرد و بەم هۆیەش ئاوی ژێر زەوی هاتە دەرەوە کە ئێستا بەم چالە گەورە پر ئاوە دەوترێ زەریای هێمن (المحیط الهادي) وە لەدوای ئەو زەبرەی ئەم میتیۆرە بە زەوی گەیاند چەبد جارێك میتیۆرەکە لەریەوە واتە دوورکەوتەوە و نزیك بوویەوە لەزەوی هەتا گەیشتە خاڵی هاوسەنگی (balanced point  ) و دواتر بەهۆی کاریگەری هێزی کێشی زەوی ئەم میتیۆرە دەستی کرد بە خولانەوە بە دەوری خۆی و دواتریش سوورانەوە بە دەوری زەوی لە ناوەندە دووری 384,400 km  ، ئەم میتیۆرە ئێستا ئێمە پێی دەڵێین مانگ (moon) .
بەڵام هەتا ئەوکاتەش هیـچ زیندەوەرێك لەسەر زەوی بوونی نەبوو ، دواتر ژیان دەستی پێ کرد و ئاوەدان کرایەوە بە ڕووەك و زیندەوەران و مایكرۆ ئۆرگەنیزمەکان و ئاژەڵەکان و .... هتد . ئەمە کورتەیەك بوو لەسەر هەسارەی زەوی بە پێی نوێترین تیۆری زانستی .

- با بزانین قوڕئانی پیرۆز چۆن باسی خەلقی زەوی دەکات :

خودای پەروەردگار سەرەتا باسی بەدیهێنانی گەردوون واتە ( ئاسمانەکان و زەوی ) دەکات لەم ئایەتە پیرۆزە :
(( أَوَلَم يَرَ الَّذِينَ كَفَرُوا أَنَّ السَّمواتِ والارضَ كانَتا رتْقاً فَفَتَقْناهُما وَجَعَلْنا مِنَ المَاءِ كُلَّ شَيء حيّ)) . ( الأنبياء : 30 )
واتە : ( ئایا بێ بڕوا و کافرەکان نابینن کە ئاسمانەکان و زەوی بەیەکەوە نووساو بوون دواتر لەیەکمان جیاکردنەوە ، وە لە ئاودا هەموو شتێکمان بە زیندووی بەدیهێناوە )



ئەم ئایەتە پیرۆزە کۆمەڵێك ئیعجازی زانستی یەکجار مەزن و شکۆمەندی لەخۆ گرتووە کە بناغەیەکی کۆنکریتی هەیە و کەس ناتوانێ تانەی لێ بدات ، چونکە زانستی نوێ پێمان دەڵێت هەموو گەردوون سەرەتا لە خاڵێکدا کۆکرابووەیەوە کە ملیۆنان و بــلیۆنان جار لە سەری دەرزیەك بچووکتر بوو ، ئینجا لە ناکاو لەیەك جیابوونەوە .
- بەڵام بۆچی خودای پەروەردگار نـــەیفەرموو ( کانتا رتقا فنفجرناهما ) واتە ( ئاسمانەکان و زەوی بەیەکەوە نووساو بوون و تەقاندمانەوە ) ، هەروەکو دەزانین Big Bang واتە : الأنفجار العظیم : تەقینەوە مەزنەکە .
چونکە هەموومان دەزانین هەموو تەقینەوەکان ئەم سێ بنەمایەیان هەیە :
١- دەنگی هەیە
٢- پێویستی بە ناوەندێك هەیە ( بۆشاییەك )
 ٣- فەوزا و هەڕەمەکی لە سیستەمەکان دروست دەکات ، واتە تەقینەوە شتەکان تێكدەدات نەوەك بیکاتە سیستەمێکی تەواوی ڕێك و وردڕێـژ

بەڵام ئەم سێ بنەمایە لە [ Big Bang ] بوونی نەبوو ! بەڵکو بیگ بانگ یان تەقینەوەی مەزنی گەردوون دەنگی نـەبوو ، وە پێویستی بە ناوەندێك نەبوو واتە بۆشاییەك نەبوو تاکو پڕی بکاتەوە بەڵکو لەگەڵ تەقینەوەکە ڕووبەر هاتە بوون ، وە لە جیاتی فەوزا و هەڕەمەکی و تێکدان و کاولکاری ، ئەم تەقینەوەیە گەردوونێکی بەرهەم هێنا کە زۆر ڕێك و تەواو وردڕێژ بوو کە ئێستا زانایان پێـی دەڵێن [ Fine - tuning Universe ] .
کەواتە خودای باڵادەست ئاسمان و زەوی بەیەکەوە خەلق کرد لە سەرەتادا ، وە کۆی ژمارەی ڕۆژەکانی خەلقی ئاسمان و زەوی = 6 رۆژ هەروەکو دواتر ڕوونی دەکەمەوە .
خودای باڵادەست بە دوو ڕۆژ ئاسمانەکانی کرد بە 7 چین بە بەڵگەی ئەم ئایەتە پیرۆزە :
[ فَقَضَاهُنَّ سَبْعَ سَمَاوَاتٍ فِي يَوْمَيْنِ ] سورة فصلت : ١٢
واتە : ئاسمانەکانی کرد بە حەوت ئاسمان یان حەوت چین لە 2 ڕۆژدا .
هەروەها خەلقی زەوی واتە گۆڕینی تەنۆلکە گازیەکان یان غوبار و تۆزی گەردوونی بۆ شێوەی گۆیی زەوی بە دوو ڕۆژ بوو بە بەڵگەی ئەم ئایەتە :
[ قُلْ أَئِنَّكُمْ لَتَكْفُرُونَ بِالَّذِي خَلَقَ الْأَرْضَ فِي يَوْمَيْنِ ] فصلت : ٩
واتە : ئایا ئێوە کوفری بەو زاتە دەکەن کەوا زەوی بەدیهێناوە لە 2 ڕۆژدا .
هەروەها ئاوەدانکردنەوەی زەوی و کشان و بەریەكکەوتنی کیشوەرەکان و پەیدابوونی چیاکان و ڕووبار و جۆگەلەکان 4 ڕۆژی خەیاند بە بەڵگەی ئەم ئایەتە :
[ وَجَعَلَ فِيهَا رَوَاسِيَ مِنْ فَوْقِهَا وَبَارَكَ فِيهَا وَقَدَّرَ فِيهَا أَقْوَاتَهَا فِي أَرْبَعَةِ أَيَّامٍ سَوَاءً لِلسَّائِلِينَ ] فصلت : ١٠
واتە : (( چیا و شاخەکانی دروستکرد بەسەریدا و بەرەکەتی تێخست و قەدەری رزق و ژیانی دیاری کرد ، ئەمانە لە چوار رۆژدابوون )) .

* تێبینی : ئەم ئایەتە پیرۆزە باسی خەلق نـــاکـات !! واتە ئەم چوار رۆژە بە هیچ شێوەیەك پەیوەندی نــیە بە أیام الخلق واتە رۆژەکانی بەدیهێنانی ئاسمانەکان و زەوی بەڵکو ئەمە باسی گۆرانکاری دەکات لەسەر رووی زەوی ، بۆ نموونە ئەگەر من بە 2 مانگ بینای خانووەك تەواو بکەم و لە پاشان بە چوار ڕۆژیش فەرشی بکەم و تەلەفزیۆن و سەتەلایت و ئەم شتانە ببەستم ، کەسێك لێم بپرسێت بە چەند رۆژ ئەم خانوەت دروست کرد ؟ دەکرێت بڵێم  : بە 2 مانگ و 4 ڕۆژ !!! نەخێر ، چونکە ئەمە پەیوەندی بە 2 مانگی بیناکەوە نیە . بەهەمان شیوە خودای باڵادەست بە 2 رۆژ زەوی بەدیهێنا ، ئەی بەدیهێنانی ئاسمانەکان بە چەند ڕۆژ ؟؟
بێگومان بە 4 ڕۆژ ، چونکە خودای باڵادەست لە زۆر ئایەتدا باسی ئەوە دەکات کەوا ئاسمانەکان و زەوی و ئەوەی لە نێوانیانداتە بە 6 رۆژ خەلقی کردووە ، وە تاکە ئایەتێك لە هەموو قورئاندا کە باسی خەلقی زەوی بکات 2 رۆژی بۆ داناوە لە سورەتی فصلت ئایەت ٩ . کەواتە 6 - 2 = 4 واتە چوار رۆژ بۆ خەلقی ئاسمانەکان لە توێـی نەبوونەوە بۆ توێـی بوون .
هەروەها ئایەتێکی ترمان هەیە نهێنیەکی زۆر گرینگ ئاشکرا دەکات کەوا هیچ زانا و هیچ زانستێك لە پێش 1400 ساڵ پەی پێ نەبردووە بەڵکو هیچ شارستانیەت و نەتەوەیەك نـەبووە لەو کات ئەمەی زانیبێت ! ئەویش بریتیە لەم ئایەتە پیرۆزە کە پێمان دەڵێت : زەوی دوای ئاسمانەکان دروست بووە واتە بەو شێوەیەی کە گۆییە و لە ئایەتەکەشدا بە ( دوحیة ) ئاماژەی بۆ دەکات :
[ أَأَنْتُمْ أَشَدُّ خَلْقًا أَمِ السَّمَاءُ بَنَاهَا (27) رَفَعَ سَمْكَهَا فَسَوَّاهَا (28) وَأَغْطَشَ لَيْلَهَا وَأَخْرَجَ ضُحَاهَا (29) وَالْأَرْضَ بَعْدَ ذَلِكَ دَحَاهَا (30) ] - سورة النازعات .
واتە لەم ئایەتە پیرۆزانەدا خودای باڵادەست بۆمان ڕووندەکاتەوە کەوا زەوی دوای بینا و خەلقی ئاسمان بەدیهێنراوە واتە بووەتە دوحیە یان شێوە گۆیی .

لە کۆتاییدا دەمەوێ بەکورتی وەڵامی گومانێکی تری مولحیدەکان بدەمەوە
زۆرجار دەبیستین مولحیدەکان دەڵێن ئایا کافرەکان چۆن تەقینەوەی گەردوون دەبینن هەروەکو لەم ئایەتە دەڵێت : ( أَوَلَم يَرَ الَّذِينَ كَفَرُوا أَنَّ السَّمواتِ والارضَ كانَتا .... ) .

وەڵام : بێگومان زۆربەی ئەو ئایەتانەی ئێوە ڕەخنەی لێ دەگرن Revert یان خۆنەویستانە  ئیعجازێکی مەزنی لەپشتەوەیە . واتە ئێوە بەم ڕەخنانەتان هانمان دەدەن بۆ ئەوەی ئیعجازەکان بدۆزینەوە و بیکەینە حوجە و ئارگومێنتێك بەسەر ئێوەدا ، خودای باڵادەست [ کات ] کاری لێ ناکات ، واتە کات ڕیگر نیە لەبەردەمی بۆ ئەوەی بزانێت لە داهاتوودا چی دەبێت و ئێمەی مرۆڤایەتی دەگەینە چ ئاستێك لە پێشکەوتنی تیکنۆلۆجیا و دۆزینەوە زانستییەکاندا ، هەربۆیە خودای باڵادەست دەیزانی ڕۆژێك دێت ئێمە بەهۆی ئەوەی ئێکسپانشنی گەردوون یان فراوانبوونی گەردوون دەگەڕێنینەوە بۆ دواوە و [ بە بێ random واتە بە تیۆری نەوەك پراکتیکی ] سەرەنجام دەگەینەوە ئەوەی کەوا هەموو گەردوون لە خاڵێکی زۆر بچووکەوە هاتووە ، هەر بۆیە زانایان بە یارمەتی بەرنامەی 3D و ئەو تیلیسکۆب و هاوێنە گەردوونیانە دەتوانن فلیمێکی دۆکیومێنتاریمان پێشکەش بکەن و وێنە و ڤیدیۆ تەقینەوەی گەردوونمان نیشان بدەن ، واتە ( کافرەکان بینییان ) کەوا چۆن گەردوون تەقیەوە . کەواتە : صدق الله العظیم حیـث قال : (( أَوَلَم يَرَ الَّذِينَ كَفَرُوا أَنَّ السَّمواتِ والارضَ كانَتا رتْقاً فَفَتَقْناهُما وَجَعَلْنا مِنَ المَاءِ كُلَّ شَيء حيّ)) . ( الأنبياء / 30 )  ، ( ئایا بێ بڕوا و کافرەکان نابینن کە ئاسمانەکان و زەوی بەیەکەوە نووساو بوون دواتر لەیەکمان جیاکردنەوە ، وە لە ئاودا هەموو شتێکمان بە زیندووی بەدیهێناوە ) 

بێـگومان بن زەوی گــۆییە نەوەك تەخت ====================== زۆر بەداخەوە ئێمەی موسڵمان لەم سەردەمەدا هێز و توانای خۆمان ...